رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، لە زاری بریکاری سەرچاوە سەربازییەکانی ئەمەریکا بڵاویکردوەتەوە،  سوپای وڵاتەکەیان لانیکەم 45 درۆنی جۆری (MQ-9 Reaper)ی لە روبەڕوبونەوەکانی لەگەڵ ئێراندا لەدەستداوە و زیانەکان بە 1.3 ملیار دۆلار مەزندە دەکرێت.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، ئەم ژمارەیە نزیکەی %25ی کۆی گشتی ئەو جۆرە  درۆنەیە لە ئەمریکا، کە تێچوی یەکدانەیان لە نێوان 30 بۆ 50ملیۆن دۆلاردایە.

ئەم درۆنانە بەشێوەیەکی فراوان لە ناوچە ستراتیژییەکانی دەوروبەری گەروی هورمز بۆ ئەنجامدانی کاری سیخوڕی و لێدانی ئامانجدار بەکارهێنراون.

 بەپێی وتەی لێپرسراوانی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا هۆکاری سەرەکیی خستنەخوارەوەی بەشێکی زۆری ئەو درۆنانە ئەوەبووە نزم فڕیون وئەمەس وایکردوە ببنە ئامانجێکی  ئاسان بۆ هێزە سەربازییەکانی ئێران و گروپە هاوپەیمانەکانی لە عیراق و یەمەن.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کردوە، ژمارەیەک لە درۆنەکان بەهۆی پچڕانی پەیوەندی و لەدەستدانی کۆنترۆڵیان کەوتوونەتە خوارەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لەدەستدانی ئەم ژمارە زۆرەی  درۆن باری کۆگاکانی چەکی ئەمەریکای قورستر کردووە، کە پێشتریش بەهۆی پشتیوانییە سەربازییەکان بۆ ئۆکراین دووچاری کەمبونەوە ببوەوە.

بەرامبەر رەوشە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ داوای بودجەیەکی زیادکراوی 67 ملیار دۆلاری لە کۆنگرێس کردووە بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکان و قەرەبووکردنەوەی تێچووە سەربازییەکان.