ترەمپ: کۆنترۆڵی تەواوەتی گەروی هورمزمان کردووە و ئێران بێدەسەڵات بووە
محەمەد رزگار
١٢ی ئابی ٢٠٢٦
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئەمریکا کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر گەروی هورمزدا کردووە و ئێران لە بەرانبەر گەمارۆ 'پۆڵایینەکەیاندا' بێدەسەڵات بووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس رایگەیاند، واشنتن کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر گەروی ستراتیژیی هورمزدا کردووە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، پێشبینی دەکات ئەمریکا پارێزگاری لەو کۆنترۆڵە بکات، جەختیشی کردەوە کە هەمووان بەربەست و گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا بە 'دیوارێکی پۆڵایین' ناودەبەن.
سەرۆکی ئەمریکا وتیشی، ئێران ناتوانێت هیچ کارێک بەرانبەر ئەم گەمارۆیە بکات، چونکە نە هێزی دەریایی و نە هێزی ئاسمانییان ماوە، سەربازە مابووەکانیشیان موچە وەرناگرن، لە هەمان کاتدا سوپای پاسداران شڵەژاوە و هەڵدێت، سەرکردایەتیی تاران لە خراپترین رەوشیدایە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ترەمپ ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵئاوسان و قەیرانی دارایی تاران کرد و وتی: "ئێران هیچ سەرمایەیەکی پێنییە و بارودۆخی جێی بەزەیییە، رێژەی هەڵئاوسان لەو وڵاتەدا گەیشتووەتە %300 و رەوشەکە رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت؛ ئێران تەنها قسەیە و هیچ کرداری نییە، ئیتر زۆردار و باڵادەستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە."
لە بەرانبەردا، ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری لێپرسراوێکی باڵای ئێرانەوە بڵاویکردەوە، هیچ گفتوگۆیەک لە نێوان تاران و واشنتۆندا بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست ئەنجام نەدراوە، چونکە لە روانگەی ئێرانەوە رێککەوتنەکە بێ وادەی دەستپێک بووە تا درێژ بکرێتەوە.


