دۆناڵد ترەمپ: بەهۆی هەڕەشەیەكەوە بە نهێنی فڕۆكەی سەرۆكایەتیم لە توركیا جێهێشت
کەژان
١٢ی ئابی ٢٠٢٦
سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، بەهۆی هەڕەشەیەكەوە بە نهێنی فڕۆكەی سەرۆكایەتی لە توركیا جێهێشتوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، بۆ یەكەم جار ئاشكرایكرد، بە نهێنی لە فڕۆكەی سەرۆكایەتی "ئێر فۆرس وەن" لە توركیا دابەزیوە و فڕۆكەكەی گۆڕیوە، دوای ئەوەی لەلایەن دەزگای پاراستنی نهێنی و سوپای ئەمریكاوە ئاگاداركراوەتەوە كە بەهۆی بوونی هەڕەشەیەكەوە گەشتەكەی بە فڕۆكەیەكی دیكە ئەنجام بدات، وتیشی كە ئەو هیچ متمانەی بە ئێران نییەو و سوپای و هەواڵگری وڵاتەكەی داوای چی لێبكەن جبَبەجێی دەكات.
ترەمپ بە فڕۆكەیەكی سەرۆكایەتی نوێی كە لەلایەن قەتەرەوە پێشكەشی كرابوو، گەشتبووە ئەنقەرە بۆ بەشداری لە لووتكەی ناتۆ، بەڵام لە كاتی جێهێشتنی وڵاتەكەدا بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكراو سەركەوتە سەر فڕۆكە كۆنەكەی سەرۆكایەتی، ئەمەش گومانی لەسەر ئاستی ئاسایشی فڕۆكە نوێیەكە دروستكرد.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ پشتڕاستكردنەوەی راپۆرتێكی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بوو، باسی لەوە كردبوو ترەمپ لەناو كۆنتێنەرێكی دابینكردنی پێداویستییەكان لە فڕۆكەخانە خۆی شاردووەتەوە تاوەكو بە نهێنی بچێتە ناو فڕۆكەیەكی تر.



