ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دامەزراندنی بە شێوازی لە جێگە دانان راگرت، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاش دەڵێت، "ئاگامان لە بڕیارەکە نییە".

پێشتر وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێم رایگەیاندبوو: پرۆسەی لەجیاتی دانان بۆ گرێبەستەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا کە دەست بەکارنەبون ئەنجام دەدرێت، کە نزیکەی هەزار کەس سودمەند دەبن.

بەڵام ئەمڕۆ، بەپێی نووسراوێکی رەسمی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کە ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کراوە، کارکردن بە بڕگەی دووی نووسراوێکی پێشوویان راگیراوە، نووسراوەکە تایبەتە بە پرسی لەجێگەی دانانی ئەو فەرمانبەر و مامۆستا وانەبێژانەی کە بە گرێبەست لەسەر داهاتی ناوخۆ دامەزراون.

هاوکات، عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند: ئاگامان لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران نییە.