جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز وتی: ئێران بە ئەمریکای راگەیاندووە کە هیچ پلانێکی بۆ سەپاندنی باج بەسەر گەروی هورمزدا نییە.

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەرەڕای ئەم داواکارییانە، ڤانس پێیوایە ئێران لە رەوشێکی خراپدایە و بە توندی فشار دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە کۆتایی بە شەڕ بهێنێت. ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕوانی ئەمریکا ئەوەیە ئاستی هەناردەکردنی نەوت و غاز لە کەنداوەوە بگەڕێتەوە بۆ پێش سەرهەڵدانی ململانێکان.

لەلایەکەوە، راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن ئێران کۆمەڵێک داواکاریی نوێی وەک مەرج بۆ کردنەوەی گەرووەکە خستووەتەڕوو، لەوانە چاککردنی رەفتارەکانی ئەمریکا، کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ حزبوڵا و حەماس و حوسییەکان و هەڵگرتنی گەمارۆکان و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگی ساڵانی 2025 و 2026.

لەلایەکی دیکەشەوە، سوپای پاسدارانی ئێران پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەمریکا ناچار دەبێت مەرجەکانیان سەبارەت بە گەروی هورمز قبوڵبکات.