تۆڕی هەواڵی سی‌ ئێن‌ ئێن لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، ناکۆکیی جدی لە بەرزترین ئاستی حکومەت و سوپای  ئەمریکا سەبارەت بە بەردەوامیی جەنگ لەگەڵ ئێران دروست بووە و داوای کۆتاییهاتنی جەنگەکە دەکەن.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، زۆرێک لە لێپرسراوە باڵاکانی ئەمریکا گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی، کە بژاردە سەربازییە بەردەستەکان ئیتر ناتوانن ئامانجەکانی  سەرۆکی ئەمریکا بپێکن.

لە بەشێکی تری راپۆرتەکەدا، بەپشتبەستن بە زانیاریی سێ سەرچاوەی ئاگادار، ئاماژە بەوە کراوە، کە ژەنەڕاڵ دەن کین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، لە هەفتەکانی رابردوودا بە شێوەیەکی تایبەتی بە ئەندامانی تری کابینەکەی راگەیاندووە، کە پێویستە واشنتۆن رێگەچارەیەک بۆ چوونەدەرەوە لەم جەنگە بدۆزێتەوە، چونکە زیاتر ئاڵۆزکردن و فراوانکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان دەکرێت ئەنجامی پێچەوانەی لێبکەوێتەوە.

سی ئێن ئێن دەڵێت؛  ژەنەڕاڵ کین ئەم نیشاندانی نیگەرانییانەی لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای وەک جان راتکلیف سەرۆکی دەزگای هەواڵگری (CIA)، مارکۆ رۆبیۆی وەزیری دەرەوە و جی‌دی ڤەنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا باسکردوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەم ناکۆکییە ناوخۆییە نیشانەی جیاوازییەکی گرنگ لە هەڵسەنگاندنی لێپرسراوانی سیاسی و سەربازیی ئەمریکایە لەبارەی توانای بەردەوامبوونی هەڵمەتی سەربازی و ئەوەی ئایا بەردەوامبوونی جەنگ دەتوانێت ئامانجە سیاسییەکانی واشنتۆن دابین بکات یان نا.