ترەمپ بەردەوامبوونی پشتگیرییەکانی بۆ وەزیری بەرگری دووپاتدەکاتەوە
ساکۆ سمکۆ
٦ی ئابی ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین بڵاوکراوەیدا لەسەر پلاتفۆرمی تروس سۆشیاڵ، بەتوندی هێرشی کردەسەر دەزگاکانی راگەیاندنی وڵاتەکەی و کردوون بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و بێبنەما لەبارەی هەبوونی کێشە لەگەڵ وەزیری جەنگی وڵاتەکەی.
سەرۆکی ئەمریکا لە بڵاوکراوەکەدا، پشتیوانیی بێسنوری خۆی بۆ پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەشدا، وەزیری جەنگ سەرکەوتنی گەورەی لە چاکسازیکردن لەناو سوپای ئەمریکادا بەدەستهێناوە و ئاستی سەربازانی وڵاتەکەی بەرزکردووەتەوە.
وتیشی، ئیدارەکەی کۆمەڵێک دەستکەوتی گرنگیان لە دەرەوەی وڵاتدا بەدەستهێناوە، وەک ئۆپراسیۆنی سەربازی لە ڤێنیزوێلا کە بووە هۆی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی ئەو وڵاتە و رێگریکردن لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و لەناوبردنی بەتەواوی.
هەر لە بڵاوکراوەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا رۆژنامەی «واشنتن پۆست»ـی بە بڵاوکردنەوەی ئەم دەنگۆیانە تۆمەتبار کرد و رایگەیاند کە سەرەڕای ئاگادارکردنەوەیان لە ناڕاستیی زانیارییەکان، هێشتاش بەردەوام بوون لە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە.

