ترەمپ دەنگۆی کەمیی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنیی وڵاتەکەی رەتدەکاتەوە و دزەپێکردنی ئەو زانیارییانەش بە "خیانەت لە نیشتمان" وەسف دەکات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی خاوەنی بڕێکی زۆر و بێشومار لە تەقەمەنییە، بەتایبەتی لە جۆرە دیاریکراو و تایبەتەکان، هەروەها ئەو راپۆرتانەشی رەتکردەوە کە باس لە هەبوونی کەمیی موشەک و تەقەمەنی لە کۆگاکانی سوپای ئەمریکادا دەکەن.

ترەمپ جەختیکردەوە، لە ئێستادا وڵاتەکەی بڕێکی زۆر لە تەقەمەنی بەرهەمدێنێت و بەپێی پێویستی راستەوخۆ رەوانەی ناوخۆی دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، کە کۆمپانیاکانی پیشەسازیی بەرگریی ئەمریکا سەرقاڵی دروستکردنی گەورەترین ژمارەی دامەزراوە و کارگەکانن لە مێژووی وڵاتەکەدا.

لە لایەکی ترەوە، سەرۆکی ئەمریکا دزەپێکردنی راپۆرتەکانی پەیوەندیدار بە کەمیی تەقەمەنی بە "خیانەت لە نیشتمان" وەسف کرد و بەڵێنیدا رووبەڕووی لێپرسراوانی ئەو دزەپێکردنانە بێتەوە و داوای سزای زیندانیکردنی درێژخایەنیان بۆ بکات.

ئەم لێدوانەی ترەمپ وەک وەڵامێک بوو بۆ ئەو راپۆرتانەی کە لەلایەن دەزگاکانی راگەیاندنی وەک (CNN) و ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاوکرابوونەوە، کە تێیدا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد واشنتۆن بەشێکی زۆری موشەکە بەرگرییکارەکان و موشەکە دوورهاوێژە وردەکانی 'وەک ئاتاکمس و پرزم' لە ماوەی جەنگی پێنج مانگەی رابردوویدا لەگەڵ ئێران بەکارهێناوە.

هاوکات، پێت هێگسێس وەزیری جەنگی ئەمریکا، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە و بە "ناراست" وەسفیکردن، جەختیشی کردەوە لە ئامادەیی تەواوی سوپا بۆ جێبەجێکردنی تەواوی فەرمانە ستراتیژییەکان.