روسیا بە موشەکی بالیستی و درۆن هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئۆکراین و دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، سەرۆکی ئۆکراینیش دەڵێت، نەیانتوانیوە بەرپەرچی هێرشە موشەکیەکانی دوێنێی روسیا بدەنەوە.

ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە، لە هێرشێکی بەرفراوانی دوێنێ روسیادا بە موشەکی بالیستی و درۆن بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ئۆکراین، لانی کەم 21 کەس کوژران و بە دەیان کەسی تریش بریندار بوون.

لەلای خۆیەوە، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، دواکەوتنی گەیشتنی سیستمەکانی دژەبالیستی لەلایەن هاوبەشەکانیانەوە دەبێتە هۆی زیانی گیانی و وێرانکاریی تۆقێنەر." ئاشکراشی کرد کە ناردنی موشەکی بەرگریی لەلایەن هاوپەیمانانیانەوە لەمساڵدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

ئاژانسەکانی هەواڵ ئەوەشیان خستوەتەڕوو، درەنگانی شەوی رابردوو کیێڤی پایتەخت و ناوچەکانی دەوروبەری، رووبەڕووی هێرشیکی بەرفراوانی روسیا بوونەوە و بەهۆیەوە 17 کەس گیانیان لەدەستداوە. هاوکات لە ئەنجامی هێرشەکانی تردا بۆ سەر هەردوو پارێزگای خارکیڤ و دۆنێتسک، چوار کەسی تر کوژراون.

لە بەرانبەردا، وەزارەتی بەرگریی روسیا ئاشکرایکرد، لە هێرشەکاندا ناوەندەکانی لۆجستیکی و کۆگاکردنی چەک و درۆنیان لە کیێڤ کردووەتە ئامانج، ئاماژەی بەوەشکرد، لە نزیک بەندەری ئۆدێسا لە دەریای رەش، سێ کەشتیی بارهەڵگریان پێکاوە کە کەرەستەی سەربازی و چەکیان گواستووەتەوە.