ترەمپ: كۆبوونەوەكەم لەگەڵ ناتانیاهۆ و زیلینسكی ئەرێنی بووە
٢٩ی تەمووزی ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، كۆبوونەوەكەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و ڤۆلۆدمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین ئەرێنی بوون و چەندین بابەتیان باس كردووە.
ترەمپ لە دوو بڵاوكراوەی جیادا لە تروس سۆشیال رایگەیاند، كۆبوونەوەكەی لەگەڵ ناتانیاهۆ زۆر باش بووە و چەندین بابەتی گرنگیان تاوتوێكردووە.
لە بڵاوكراوەیەكی تریشدا دەڵێت، كۆبوونەوەكەی لەگەڵ زیلینسكی ئەرێنی بووە و چاوپێكەوتنەكەیان بە باشی بەڕێوەچووە، بەڵام ترەمپ وردەكاری ئەو بابەتانەی باس نەكردووە، كە لەگەڵیاندا تاوتوێی كردووە.
هاوكات ناتانیاهۆ وتویەتی، كۆبوونەوەكەیان یەكێك بووە لە باشترینەكان و قسەكانیان لەسەر ئامانج و لێكتێگەیشتنی هاوبەش بووە.
هەروەها كارولین لیڤیت وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند، كۆبوونەوەكەی ترەمپ و ناتانیاهۆ نزیكەی سەعاتێك و 30 خولەكی خایاندووە و ئەرێنی و بەرهەمدار بووە.


