لە هەولێر نزیکەی 30 هەزار ڤەیپی قاچاغ و نایاسایی لەناو بردران
سەوسەن سەید
٢١ی تەمووزی ٢٠٢٦
لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانی قایمقامییەتی قەزای ناوەندیی هەولێر بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی کاڵای نایاسایی و زیانبەخش، ئەمڕۆ سێشەممە، نزیکەی 30 هەزار جگەرەی ئەلیکترۆنی (ڤەیپ) لە پرۆسەیەکدا لەناو بردران.
پرۆسەی لەناوبردنەکە بە ئامادەبوونی نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر بەڕێوەچوو.
ئەو کاڵایانە لە ئەنجامی بەدواداچوون و پشکنینە مەیدانییەکانی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەت لە بازاڕەکاندا دەستیان بەسەردا گیرابوو، دوای ئەوەی دەرکەوت بە شێوەی قاچاغ هێنراونەتە هەرێمی کوردستان و مەرجە تەندروستییەکانیان تێدا نییە.
لای خۆیەوە، قایمقامی هەولێر جەختی کردەوە کە لیژنەکانیان بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی بازاڕەکان و رێکاری یاسایی توند بەرانبەر هەر سەرپێچییەک دەگرنەبەر کە سەلامەتی و تەندروستیی هاووڵاتییان بخاتە مەترسییەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە پرۆسەی لەناوبردنی ئامێرە دەستبەسەرداگیراوەکانیش بەپێی رێنماییە رەسمییەکان و لە شوێنێکی تایبەتدا ئەنجام دراوە.



