سوپای پاسداران: بەردەوامین لە جێبەجێكردنی ئەركەكانمان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی گەروی هورمز
هادی
٢١ی تەمووزی ٢٠٢٦
سوپای پاسداران رایگەیاند، تا ئەو كاتەی دەستدرێژییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا بەردەوام بێت، گەروی هورمز بەداخراوی دەمێنێتەوە و تەنانەت یەك دڵۆپ نەوت و گاز رەوانە ناكرێت.
بەشی پەیوەندییە گشتییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە، دوو كەشتی نەوتهەڵگر هەوڵیان دەدا بە رێگەی نایاسایی بە باشوری گەروی هورمزدا تێپەڕن، بەڵام كەشتییەكان بەهۆی تەقینەوەیەكەوە ئاگریان گرتووە و راگیراون، یەكەكانی فریاگوزاری سەرقاڵی دەرهێنانی ستافی ئەو كەشتییانەن.
راشیگەیاندووە، هێزە دەریاییەكان بەردەوامن لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی گەروی هورمز، هەروەها جارێكی تر هۆشداری بە كۆمپانیاكانی كەشتیوانی دەدات، بڕوا بە زانیارییە هەڵەكانی سوپای ئەمریكا نەكەن و لە رێگا مەترسیدارەكان دوور بكەونەوە.
جەختی لەوەشكردوەتەوە، تا ئەو كاتەی دەستدرێژییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا بەردەوام بێت، گەروی هورمز داخراوە و تەنانەت یەك دڵۆپ نەوت و گاز لە ناوچەكەوە رەوانە ناكرێت.


