چین و پاکستان بە رەسمی داوایان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران کرد دانوستانەکانی نێوانیان دەست پێ بکەنەوە و پابەندی رێککەوتنی ئاگربەست بن، بە ئامانجی راگرتنی ئەو گرژییە سەربازییە بەردەوامەی لە نێوانیاندا هەیە.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی چین، ئەم داواکارییە لە میانی کۆبوونەوەی وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین و ئیسحاق دار، هاوتای پاکستانی لە شاری شەنگهای هاتووە، کە تێیدا پەرەسەندنەکانی قەیرانی ناوچەکە و رێگاکانی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانیان تاوتوێ کردووە.

لای خۆیەوە، وانگ یی جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی پابەندبوونی سەرجەم لایەنەکان بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی تایبەت بە ئاگربەستی نێوان واشنتۆن و تاران کردەوە، داواشی کرد ژینگەیەکی گونجاو بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی سیاسی بڕەخسێنرێت تا رێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری دۆخەکە بکرێت.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، هەردوو وەزیرەکە جەختیان لە گرنگیی گەڕانەوە بۆ سەر ڕێڕەوی دیپلۆماسی کردەوە و ئاماژەیان بەوە دا کە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان باشترین و گونجاوترین ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.