بەهۆی کاریگەرییەکانی ئەو شەپۆلە گەرما توندەی لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی رابردوودا وڵاتەکەی گرتەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان لە ئەڵمانیا بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو رووی لە بەرزبوونەوە کردووە.

بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی نوسینگەی فیدراڵیی ئامار لە ئەڵمانیا، لە ماوەی تەنها یەک هەفتەدا لە 22 تا 28ی حوزەیران نزیکەی 23 هەزار و 900 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراون.

بەپێی ئامارەکە، ئەم ژمارەیە بە ڕێژەی 32٪ (نزیکەی یەک لەسەر سێ) زیاترە لە تێکڕای رێژەی گیانلەدەستدان لە هەمان ماوەی چوار ساڵی رابردوودا.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەراورد بە دوو هەفتە پێش ئەو رۆژە، ژمارەی گیانلەدەستدان بە نزیکەی حەوت هەزار و 100 حاڵەت زیادی کردووە.

نوسینگەی ئامار جەختی کردووەتەوە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە مانگەکانی هاویندا راستەوخۆ بارگرانییەکی تەندروستیی گەورە لەسەر مرۆڤ دروست دەکات و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی گیانلەدەستدان.

ئامارەکانی نوسینگەی فیدراڵیی ئاماژە بەوەدەکەن، کۆی گشتیی گیانلەدەستدان لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 243 هەزار و 600 حاڵەت.

ئەم رێژەیەش لە مانگی نیساندا بە رێژەی 5٪ و لە مانگی ئایاردا بە رێژەی 2٪ کەمتر بووە بەراورد بە تێکڕای ساڵانی رابردوو، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی شەپۆلی گەرماکە لە مانگی حوزەیراندا، رێژەی گیانلەدەستدان بە یەکجارەکی 9٪ بەرزبووەتەوە.