دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، داوای قەرەبووی دارایی لە شەش وڵات دەکات لە بەرانبەر ئەوەی پێی دەڵێت پاراستنیان لە هەڕەشەکانی ئێران و پاسەوانیکردنی گەروی هورمز.

ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کێ بە دیاریکراوی قەرەبووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکاتەوە، دوای ئەوەی ئاماژەی بەوە کردبوو: ئەمریکا کرێ لە بەرانبەر پاراستنی گەروی هورمز وەردەگرێت، پەیامەکەی بە شێوەیەکی راستەوخۆ ئاراستەی پایتەختەکانی کەنداوی عەرەبی کرد و وتی: بۆ نموونە، سعودیە، ئیمارات، قەتەر، بەحرێن، کوێت و ئیسرائیل.

ترەمپ وتیشی: ئێمە پارەیەکی زۆر بۆ ئەم وڵاتە دەوڵەمەندانە خەرج دەکەین، بۆیە لە بەرا نبەر ئەو پاراستنەدا قەرەبوو لەو وڵاتانە وەردەگرین کە یارمەتی پاراستنیان دەدەین. سەیری ئەم پێنج وڵاتە بکەن؛ ئەم ناوچەیە بە بەشێکی زۆر دەوڵەمەندی جیهان دادەنرێت.

ترەمپ لە قسەکانیدا تیشکی خستە سەر لایەنی سەربازی و ستراتیژی، بەوەی کە: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پارەکانی لە بەرانبەر پاسەوانیکردنی گەروی هورمزدا دەستدەکەوێت، کە پێش دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و سەهیۆنیزم بۆ سەر ئێران، لە بنەڕەتدا کراوە و ئارام بووە.

کاتێک لەلایەن یەکێک لە دەزگاکانی راگەیاندنەوە پرسیاری لێکرا سەبارەت بەو لایەنەی کە بە دیاریکراوی تێچووی ئەم کارە بە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەدات، بە تایبەت دوای جەختکردنەوەی لەسەر ئەوەی کە ئەمریکا باجی پاراستن وەردەگرێت، ترەمپ میکانیزمی پارەدانەکەی دەستنیشان نەکرد، بەڵام بە هێنانەوەی ناوی ئەو پێنج وڵاتەی ناوچەکە دەرگاکەی بە کراوەیی هێشتەوە.

پێشتریش ترەمپ رایگەیاندبوو: ئەگەری زۆرە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆنترۆڵی گەروی هورمز بکات، و پێویستە قەرەبوو بکرێتەوە لە بەرانبەر بەڕێوەبردنی ئەم رێڕەوە ئاوییە گرنگەدا.