ئەمریکا شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر چەندین ئامانجی سەربازی لە ئێران راگەیاند.

سوپای ئەمریکا بە رەسمی رایگەیاند، هێزەکانیان شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییان بۆ سەر چەندین بنکە و ئامانجی سەربازی لە ناوخۆی ئێران بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهێناوە.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەنراوێکدا لە هەژماری رەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاویکردەوە: "لە ئۆپراسیۆنێکی تایبەتدا کە پێنج سەعاتی خایاندووە، هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە چەندین ئامانجی سەربازی لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران بە وردی بپێکن."

بەپێی راگەیەنراوەکەی سێنتکۆم، ئەو ناوچە و شارانەی کە کراونەتە ئامانج بریتین لە، بوشەهر، چابەهار، جاسک، کۆنارەک، دورگەی ئەبو موسا و بەندەر عەباس.

سێنتکۆم ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشانە، بۆ "بەردەوامبوون لە لاوازکردن و تێکشکاندنی تواناکانی تارانە لە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ئاوەکانی ناوچەکەدا."