بەردەوامی شەپۆلی گەرما بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە 10 هەزار كەس لە ئەوروپا گیانیان لەدەستبدات.

روانگەی كۆپەرنیكۆس بۆ گۆڕانی كەشوهەوای سەر بە یەكێتیی ئەوروپا ئاشكرای كردووە، بەپێی ئامارە رەسمیەكان، لە كۆتایی مانگی حوزەیرانی رابردوودا بەهۆی شەپۆلێكی گەرمای پێوانەیی كە رۆژئاوای كیشوەری ئەوروپای گرتەوە، زیاتر لە 10 هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە.

راشیگەیاند، زیاتر  لە 9 هەزار كەس لەوانەی گیانیان  لەدەستداوە تەمەنیان لە 65 ساڵ  زیاتر بووە، چونكە گەرمای توند بۆتە هۆی جەڵتە و تێكچوونی باری تەندروستی ئەو كەسانەی نەخۆشییەكانی دڵ، دەمار و كۆئەندامی هەناسەدانیان هەیە.

هەروەها شارەزایانی بواری كەشوهەوا ئاماژە بەوەكردووە، ئەو شەپۆلە گەرمایە، كە لە نێوان 20 بۆ 28ی حوزەیران بەردەوام بوو، بە توندترین شەپۆل لە مێژووی ئەوروپادا دادەنرێت، ئەو رەوشە جگە لە زیانی گیانی، بووەتە هۆی تێكدانی سیستمی بەرهەمهێنانی كارەبا، زیانگەیاندن بە ژێرخانەكان و دروستكردنی فشارێكی زۆر لەسەر كەرتی تەندروستی.