لە بەردەوامیی جەنگی نێوان هەردوو وڵاتدا، سوپای روسیا بە دوو شەپۆلی موشەکیی بەهێز پایتەختی ئۆکراینی کردە ئامانج و بەهۆیەوە چەندین کەس بریندار بوون و زیانی مادی گەورەش بە ژێرخانی وزەی شارەکە گەیشت، هاوکات وەزارەتی بەرگریی روسیاش رایدەگەیەنێت؛ کۆمەڵگەی پیشەسازیی سەربازی و بەندەرەکانیان پێکاوە.

ئەمڕۆ شەممە، تیمور تکاچینکۆ، سەرۆکی کارگێڕیی سەربازیی کیێڤ رایگەیاند؛ بەهۆی هێرشە موشەکییەکانی روسیاوە بۆ سەر پایتەخت، دەنگی لانی کەم پێنج تەقینەوەی بەهێز بیستراوە و زەنگی ئاگادارکردنەوە لە شارەکەدا لێدراوە.

لای خۆشیەوە ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ ئاماژەی بەوەکرد، هێرشەکان بوونەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە وێستگەیەکی گواستنەوەی کارەبا، شکانی پەنجەرەی چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوون و برینداربوونی لانی کەم 10 کەس، بەپێی ڕاپۆرتی کارگێڕیی سەربازیی شارەکەش، زیان بە باڵەخانەیەکی کارگێڕی و چەندین شوێنی ناونیشتەجێبوون گەیشتووە و دووکەڵێکی زۆر ئاسمانی ناوچەکەی گرتووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی روسیا لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، هێزەکانیان بە چەکی زۆر ورد و پێشکەوتوو، دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی پیشەسازیی سەربازیی ئۆکراینیان لە کیێڤ و ژێرخانی بەندەرەکانیان لە پارێزگای ئۆدیسا کردووەتە ئامانج.

مۆسکۆ جەختیشی کردووەتەوە، لە چوارچێوەی ئەم هێرشە بەکۆمەڵەدا، بەندەری "یوژنی"یان پێکاوە کە وەک ناوەندێکی لۆجستیی گرنگی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراین و شوێنی هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵی و کانزاییەکان بەکاردێت، تێیدا کۆگاکانی هەڵگرتنی کەرەستەی سەربازی و کۆگاکانی سووتەمەنی خاپوور کراون.

ئەمە لە کاتێکدایە توسیا لە چەند هەفتەی رابردوودا هێرشەکانی بۆ سەر پایتەختی ئۆکراینچڕتر کردووەتەوە، بە شێوەیەک کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستا، بەهۆی بۆردومانەکانەوە بۆ سەر کیێڤ و دەوروبەری، زیاتر لە 60 کەس گیانیان لەدەستداوە.