ناوى فڕۆکەخانەی "پاڵم بیچ" لە کەناراوەکانی فلۆریدا بە رەسمی بۆ دۆناڵد ترەمپ گۆڕدرا
محەمەد رزگار
١١ی تەمووزی ٢٠٢٦
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی فیدراڵیی ئەمریکا ئاشکرایکرد، ناوی فڕۆکەخانەی "پاڵم بیچ" لە فلۆریدا بە رەسمی گۆڕدرا بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی "سەرۆک دۆناڵد جەی ترەمپ" و لە ناوەڕاستی مانگی داهاتووشەوە کۆدی فڕۆکەخانەکە دەبێتە (DJT).
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی فیدراڵیی ئەمریکا رایگەیاند، ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی "پاڵم بیچ" لە ویلایەتی فلۆریدا بە رەسمی گۆڕدرا بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی "سەرۆک دۆناڵد جەی ترەمپ"؛ ئەمەش دوای ئەوەی پڕۆژەیاساکە لەلایەن پارێزگاری ویلایەتەکەوە ئیمزاکرا و سەرەڕای دژایەتیی بەهێزی دیموکراتەکان چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
دوای ڕەزامەندیی پەرلەمانی ویلایەتی فلۆریدا، رۆن دیسانتیس، پارێزگاری فلۆریدا کە لە پارتی کۆمارییە، پڕۆژەیاسای گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەکەی ئیمزاکرد و لە بەیانیی رۆژی پێنجشەممەوە بڕیارەکە بووە رەسمی، ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە یاسادانەرانی پارتی دیموکرات لە ویلایەتەکە بە توندی دژی وەستانەوە و رایانگەیاند، گۆڕینی ناوەکە پێویستی بە نوێکردنەوەی هێماکان، نەخشەکان و پێداویستییەکانی دیکە هەیە، کە نزیکەی پێنج ملیۆن دۆلار لەسەر خەزێنەی دەوڵەت دەکەوێت.
لێپرسراوانی فڕۆکەوانی ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە رۆژی 18ی ئابەوە کۆدی سێ پیتیی فڕۆکەخانەکە لە (PBI) رەسمی کۆنەوە دەگۆڕدرێت بۆ کورتکراوەی ناوی سەرۆکی ئەمریکا واتە (DJT).
ئەم فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییە تەنها چەند میلێک دوورە لە "مار-ئا-لاگۆ" کە یانەی تایبەت و شوێنی نیشتەجێبوونی سەرەکیی دۆناڵد ترەمپە لە ویلایەتی فلۆریدا.



