رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرای کرد کە ئێران ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای ئاگادارکردووەتەوە کە تەقەکردن لە کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروی هورمز "هەڵە" بووە، و جەختیشی لەسەر ئارەزووی خۆی بۆ بەردەوامبوونی دانوستانەکان کردووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گومانەکان لە ناوخۆی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا سەبارەت بە دەرفەتەکانی گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەتۆمی گشتگیر لەگەڵ تاراندا روو لە زیادبوونە.

رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردووەتەوە، تاران لەم دواییانەدا واشنتۆنی ئاگادارکردووەتەوە کە بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان بەبێ مەبەست بووە، و داوای کردووە رێڕەوی دانوستانەکانی نێوان هەردوولا بەردەوام بێت.

لە بەرانبەردا، رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ترەمپەوە بڵاویکردەوە، دەرفەتەکانی گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەتۆمی کۆتایی کەمتر بووەتەوە، و هۆشداریشیان داوە کە هەر تێکدانێکی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەروی هورمزدا رەنگە ببێتە هۆی دەرئەنجامی مەترسیدار.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، واشنتۆن داوای لە ئێران کردووە راگەیەندراوێکی رەسمی بڵاوبکاتەوە کە تیایدا جەخت لە کراوەیی گەروی هورمز بە رووی هاتوچۆی نێودەوڵەتیدا بکاتەوە و کۆتایی بە بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان بهێنێت، بەبێ ئەوەی وادەیەکی کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی ئەم داواکارییە دەستنیشان بکات.

بەپێی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە سەرۆکی ئەمریکا کۆتاییهاتنی ئاگربەستی لەگەڵ ئێراندا راگەیاند، لە کاتێکدا ئیدارەی ئەمریکا تاوتوێی بژاردەکانی دەکات لە نێوان بەردەوامبوون لەسەر رێڕەوی دیپلۆماسی یان گەڕانەوە بۆ بژاردە سەربازییەکان بە مەبەستی رێگریکردن لە تاران لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی.