شەپۆلێکی نوێی دەرکردنی فەرمانبەران لە هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا دەستیپێکرد
سەوسەن سەید
١١ی تەمووزی ٢٠٢٦
بێڵ بۆڵت، سەرپەرشتیاری کارەکانی بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا، دەستپێکردنی خولێکی نوێی لەکارکەنارخستنی کارمەندانی لە ناوخۆی دەزگاکەدا راگەیاند.
بۆڵت لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا لە ئێستادا بە بەرهەمداریی و کاراییەکی بەرزتر لە هەر کاتێکی تر کار دەکات، و ئەمڕۆ قۆناغی سێیەمی کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەمان دەستپێکرد کە زیادە لە پێویستن یاخود ئەو پۆستانەیان هەیە کە گرنگییەکی بنەڕەتی و هەستیاریان نییە.
نووسینگەی بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی خاوەنی داهاتوویەکی زۆر گەشە و تەرکیز دەکاتە سەر پابەندبوون بە یاسا و دەقە تەشریعییەکان.
هاوکات تۆڕی هەواڵی CNN بڵاویکردەوە، بێڵ بۆڵت دەستی بە جێبەجێکردنی پلانێکی بەرفراوان کردووە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی فەرمانبەرانی دەزگاکە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پێکهاتەی دامەزراوەی هەواڵگری و رێکخستنەوەیدا.
ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادایە بۆ رێکخستنەوەی دامەزراوە ئەمنیی و هەواڵگرییەکان و کەمکردنەوەی خەرجییە حکومییەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە مشتومڕێکی بەردەوام هەیە لەسەر رۆڵ و هەژموونی ئاژانسە فیدراڵییەکان لە ناوخۆی دەوڵەتی ئەمریکادا.
پێشتریش ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" رایگەیاندبوو فەرمانی بە بۆڵت کردووە دەست بە پرۆسەی بچووککردنەوەی دەزگاکە بکات، بەو پێیەی نووسینگەی بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی زیاد لە پێویست گەورە بووە و کواڵیتی و کارایی پێویستی نییە.



