ناوی محەمەد پێگەی خۆی وەک باوترین و بەربڵاوترین ناوی کوڕان لە ئینگلتەرا و وێڵز بەهێزتر کرد، دوای ئەوەی بۆ سێیەم ساڵی لەسەریەک لە پێشەنگی لیستی ناوی منداڵە تازەلەدایکبووەکاندا مایەوە.

بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی نیشتمانی بۆ ئامار (ONS) لە ساڵی 2025دا، نزیکەی شەش هەزار کۆرپەلە ناوی محەمەدیان لێنراوە، کە ئەمەش بە جیاوازیی نزیکەی دوو هەزار منداڵ زیاترە لە ناوی نوح  (Noah)کە لە پلەی دووەمدایە.

ناوی محەمەد بە پلەی یەکەم و ناوی نوح بەپلەی دووەم، بۆ  ماوەی سێ ساڵە پێشەنگی ئەو ناوانەن، کە لە لیستەکەدان.

هاوکات لە لیستی ئەمساڵدا، ناوەکانی (لیۆ و لوکا) بۆ پلەکانی سێیەم و چوارەم بەرزبوونەتەوە و پێش ناوەکانی (ئارسەر، ئۆلیڤەر و جۆرج) کەوتوون، لە کاتێکدا ناوی "ئۆلیڤیا" (Olivia) وەک باوترین ناوی کچان لە پلەی یەکەمدا ماوەتەوە.

ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوی محەمەد بە رێنووسە جیاوازەکانییەوە پێگەیەکی مێژوویی هەیە؛ چونکە ناوی "Mohammed" بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1924دا چووەتە نێو لیستی 100 باوترین ناوەکان و لە ساڵی 2016ـشەوە هەمیشە لە نێو 10باوترین ناوەکاندایە.

نووسینگەی نیشتمانی بۆ ئامار رونی کردووەتەوە، کە زاڵبوونی ناوی محەمەد لە بەریتانیا بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانەش گەشەکردنی بەردەوامی رێژەی کۆمەڵگەی موسڵمانان، کە لە ئێستادا ژمارەیان دەگاتە نزیکەی چوار ملیۆن کەس (واتە نزیکەی 6٪ی کۆی گشتی دانیشتوانی بەریتانیا).

ناوی محمەد، وەک نەریتێکی سەرەکی و هێمایەکی پاراستنی رەسەنایەتی و کەلەپوور لە نێو خێزانە موسڵمانەکاندا ماوەتەوە، لە کاتێکدا لە بەرانبەردا ناوی منداڵانی تری بەریتانیا زیاتر بەرەو هەمەجۆری رۆشتووە و چەندین ناوی تریش، کە بنچینەی بەریتانییان نییە هاتوونەتە نێو لیستەکە.