دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، سەرکردەکانی هاوپەیمانی ناتۆ جەختیان لەسەر پێویستی زیادکردنی خەرجییە بەرگرییەکانیان کردووەتەوە، سەبارەت بە ئێرانیش دەڵێت؛ خراپ هەڵسوکەوت دەکەن و رەنگە هێڕشیان بکەینەوە سەر.

سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی توندی لە رەفتارەکانی ئێران گرت و رایگەیاند، ئێرانییەکان بۆ ماوەی 47 ساڵە بە شێوەیەکی زۆر خراپ رەفتار دەکەن.

ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی کەشتییەکانیان لە گەروی هورمز کردووەتە ئامانج، هێزەکانی ئەمریکا بۆردومانیان کردوون.

ترەمپ باسی لەوەش کرد، ئەو بە هیچ شێوەیەک لە رەفتارەکانی ئێران رازی نییە و رونی کردەوە کە بابەتەکە پەیوەندی بە گۆڕینی رژێمەوە نییە، بەڵکو تەنها نایانەوێت تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

دۆناڵد ترەمپ وتیشی، لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، تاوتوێی ئەو هاوکارییانە دەکەن کە دەتوانن پێشکەشی وڵاتەکەی بکەن.

سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردەوە، پێویستە جەنگی ئۆکراین کۆتایی بێت و هەردوولای شەڕەکەش دەیانەوێت بگەنە رێککەوتن.