لوتکەی ناتۆ لە ئەنکەرە؛ فشارەکانی ترەمپ بۆ زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکان دەست پێدەکات
محەمەد رزگار
٧ی تەمووزی ٢٠٢٦
پەیمانیی باکوری ئەتڵەسی ناتۆ لوتکەی ئەمساڵی خۆی لە ئەنکەرە دەست پێدەکات، کە تێیدا پرسی گرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتییەکی گەورەتری بەرگری لەلایەن ئەوروپا و فشارەکانی ئەمریکا لە پێشەنگی تەوەرەکاندا دەبن.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، سەرکردەکانی 32 وڵاتی ئەندام لە پەیمانی باکوری ئەتڵەسی 'ناتۆ' بگەنە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا، بە مەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی دوو رۆژە کە تیشک دەخاتە سەر زیادکردنی خەرجی و توانای بەرگریی ئەوروپا و ئیمزاکردنی چەندین گرێبەستی گەورەی کڕینی چەک، ئەمەش لەژێر سایەی فشارە بەردەوامەکانی ئەمریکادا دێت بۆ بەشکردنی دادپەروەرانەی تێچووەکان لەناو هاوپەیمانتییەکەدا.
لوتکەکە بە کردنەوەی پێشانگایەکی گەورەی پیشەسازییە بەرگرییەکان دەست پێدەکات، کە ئامانجی هاوکاریکردنی وڵاتانی هاوپەیمانە بۆ گۆڕینی زیادبوونی خێرا لە بودجە سەربازییەکانیاندا بۆ توانای نوێی مەیدانی و ئەنجامدانی گرێبەستی کڕینی چەک بە بەهای ملیارەها دۆلار.
لەژێر فشاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا، ئەندامانی ناتۆ ساڵی رابردوو بەڵێنیاندا بودجەی بەرگریی خۆیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکەن، بە جۆرێک لە 2%ـەوە بەرزی بکەنەوە بۆ 3.5%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی تا ساڵی 2035، لەگەڵ تەرخانکردنی 1.5%ی زیادە لە بەرهەمی ناوخۆیی بۆ خەرجییە پەیوەندیدارەکانی بەرگری.
کۆبوونەوەی ئەمساڵیش تیشک دەخاتە سەر گۆڕینی ئەو بەڵێنانە بۆ پابەندبوونی کۆنکرێتی و کرداری، ترەمپیش چەند رۆژێک بەرلە بەڕێوەچوونی لوتکەکە، بەردەوام بوو لە فشارەکانی و خەرجییە بەرگرییەکانی هاوپەیمانەکانی بە "پێکەنیناوی" وەسف کرد.
هاوکات، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین پەیوەندی بە سەرکردەکانی ناتۆوە دەکات و کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەگەڵ ترەمپ ئەنجام دەدات؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە زیلینسکی هەوڵی بەدەستهێنانی بەڵێنی هاوکاریی سەربازی دەدات بە بەهای 160 ملیار دۆلار، لەگەڵ هاندانی هاوپەیمانان بۆ دابینکردنی موشەکی زیاتری بەرگریی ئاسمانی و نوێکردنەوەی هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی دانوستاندنە چەقبەستووەکانی ئاشتی لەگەڵ روسیادا.
هەر لە چوارچێوەی لوتکەکەدا، رۆژی چوارشەممە، سەرکردەکانی ناتۆ دووبارە کۆدەبنەوە بۆ ئەنجامدانی راوێژکارییەک کە تیشک دەخاتە سەر گرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتییەکی گەورەتری بەرگری لەلایەن ئەوروپاوە، بەتایبەت لە کاتێکدا کە سەرنجی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرەو ناوچەی زەریای هێمن و ناوچەکانی دیکە هاتووەتە ئاراوە.



