لە ماوەی سێ رۆژی پشووی جەژنی سەربەخۆیی ئەمریکادا 100 کەس بەهۆی تەقەکردنەوە کوژراون
محەمەد رزگار
٧ی تەمووزی ٢٠٢٦
لە کاتێکدا ئەمریکییەکان یادی 250 ساڵەی دامەزراندنی دەوڵەتەکەیان دەکردەوە، ئامارەکانی تەقەکردنی بەکۆمەڵ ریکۆردێکی نوێی پێوانەیی تۆمار دەکەن و تەنها لە سێ ڕۆژدا 100 کەس بەهۆی تەقەکردنەوە کوژراون.
رێکخراوی "Gun Violence Archive"ی ناحکومی رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی جەژنی سەربەخۆیی ئەو وڵاتەدا بەهۆی روداوەکانی تەقەکردنەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 100 کەس.
رێکخراوەکە لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کردووە، لە ماوەی پشووی جەژنی سەربەخۆیی ئەمریکادا، 20 روداوی تەقەکردنی بەکۆمەڵ تۆمارکراون، ئەمەش بە بەرزترین ئاماری پێوانەیی دادەنرێت لە دوای ساڵی 2021ـەوە.
ئاشکراشی کردووە، ئەو روداوانە لە ماوەی تەنها سێ رۆژدا بوونەتە هۆی کوژرانی 100 کەس و برینداربوونی 340 کەسی دیکە، هاوکات رێکخراوەکە رونیکردووەتەوە کە ئەم داتایانە سەرەتایین و ئەگەری هەیە لە داهاتوودا ژمارەکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت و زیاد بکەن.
جێی ئاماژەیە، لە 4ـی تەممووزی ئەمساڵدا، ئەمریکا یادی 250 ساڵەی دامەزراندنی دەوڵەتەکەی کردەوە.



