زیلینسکی زەنگی مەترسی لێدەدات و داوایەکی بەپەلە ئاراستەی هاوپەیمانانی ناتۆ دەکات
محەمەد رزگار
٦ی تەمووزی ٢٠٢٦
زیلینسکی زەنگی مەترسی لێدەدات و داوای موشەکی پاتریۆت لە ناتۆ دەکات، هێرشە بەرفراوانەکەی روسیاش بۆ سەر کیێڤ دەیان کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە.
ڤۆلۆدیمێر زیلیسنکی سەرۆکی ئۆکراین، رۆژی دووشەممە داوای لە هاوپەیمانانی ناتۆ کرد کە لە میانی لوتکەی ئەم هەفتەیەی هاوپەیمانێتییەکە لە ئەنکەرە "بڕیاری یەکلاکەرەوە" بدەن بۆ بەهێزکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی، ئەمەش دوای ئەوەی روسیا شەپۆلێکی نوێی هێرشی ئاسمانی بەرفراوانی لە شەودا بۆ سەر کیێڤ و ناوچەکانی تری وڵاتەکە ئەنجامدا.
زیلینسکی رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا لانی کەم 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و 60 کەسی تریش لە کیێڤی پایتەخت برینداربوون، وتیشی، روسیا لەو هێرشەدا 68 موشەک و 351 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەکارهێناوە.
سەرۆکی ئۆکرانیا جەختیکردەوە، بەرگرییە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی توانیویانە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و موشەکە کرووزەکان تێکبشکێنن، بەڵام بەهۆی "کەمیی موشەکی دژەبەرگرییەوە" نەیانتوانیوە بەرپەرچی موشەکە بالیستییەکانی روسیا بدەنەوە.
پێشتریش زیلینسکی لەسەر بنەمای زانیارییە هەواڵگرییەکانی وڵاتەکەی، هۆشداری دابوو لە ئەگەری هێرشێکی بەرفراوانی روسیا پێش بەڕێوەچوونی لوتکەی سەرکردەکانی ناتۆ کە بڕیارە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە لە تورکیا بەڕێوەبچێت.
زیلینسکی کە بڕیارە رۆژی سێشەممە وەک میوان بەشداری لە لوتکەکەدا بکات، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" داوای لە هاوپەیمانانی ناتۆ کرد "بڕیاری یەکلاکەرەوە بۆ پشتگیریکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکانمان و لە ئەنجامدا پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان" بدەن.
لە کۆتاییدا زیلینسکی ئاماژەی بەوەکرد، "تا ئەو کاتەی موشەکەکانی پاتریۆت لە کۆگاکانی هاوپەیمانەکانماندا بمێننەوە، ئەمە تەنها هانی روسیا دەدات بۆ بەردەوامبوون لە وێرانکردنی باڵەخانە نیشتەجێبوونەکان. ئەمریکا و ئەوروپا هێزی پێویستیان هەیە بۆ راگرتنی ئەم تیرۆرە".



