سەرچاوە سەربازیی و دیپلۆماسییەکانی ئیسرائیل گۆڕانکاریی لە هەڵسەنگاندنی ستراتیژیی تەلئەبیب بەرانبەر سەرکردایەتی نوێی ئێران ئاشکرا دەکەن و رایدەگەیەنن؛ تاران لە قۆناغی دوای "عەلی خامنەیی" توندڕەوتر و کەمتر جێگیر بووە.
ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی لە راپۆرتێکدا لە زاری سەرچاوە دیپلۆماسییەکانەوە بڵاویانکردەوە؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فشار لەسەر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دروستدەکات بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە باشوری لوبنان، ئەمەش لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی هەرێمی فراوانتر لەگەڵ تاران.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئیمزاکردنی چوارچێوەی رێککەوتنی لوبنان-ئیسرائیل لە واشنتۆن لە 26ـی حوزەیرانی رابردوو، تەنها هەوڵێکی ناتانیاهۆ بووە بۆ ئەوەی هەر کشانەوەیەکی داهاتوو وەک "دەستکەوتێکی دیپلۆماسی" نیشان بدات، نەک ملکەچبوون بۆ داواکارییەکانی ئەمریکا.
راپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، دانوستانەکانی ئێستا لە نێوان واشنتۆن و تاران چیتر لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و موشەکی نین، بەڵکو تەنها لەسەر ئازادی هاتوچۆی دەریاییە لە گەروی هورمز، ئەمەش لەلایەن لێپرسراوانی ئیسرائیلەوە وەک "شکستێکی ستراتیژی" سەیر دەکرێت، بە جۆرێک بەشێکیان پێیان وایە ئیسرائیل لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگ، لە رەوشێکی ستراتیژی زۆر خراپتردایە بە بەراورد بە پێش دەستپێکردنی.
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ناتانیاهۆ دوای ئەوەی نەیتوانی ئەو "سەرکەوتنە تەواوەتییە" بەدەستبهێنێت کە بەڵێنی دابوو، ئێستا هەوڵ دەدات لە رێگەی دروشمی نوێی هەڵبژاردنەوە متمانەی دەنگدەرانی وڵاتەکەی بەدەستبهێنێت، کە ئەو تاکە کەسە توانیویەتی ئیسرائیل لە مەترسییەکی گەورە رزگاربکات و رێگری لە ئێران بکات لە داهاتوودا ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.