کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکور سەرپەرشتی تاقیکردنەوەی نوێترین سیستمی چەک و تەقەمەنی تایبەت بە وێرانکەری دەریایی (کانگ کۆن)ی کرد، کە کێشەکەی دەگاتە پێنج هەزار تۆن، ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پیۆنگیانگ دێت بۆ خێراکردنی پەرەپێدانی تواناکانی هێزی دەریایی.

ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریای باکور بڵاویکردەوە، تاقیکردنەوەکان رۆژی هەینی ئەنجامدراون و پڕۆسەکەش هاویشتنی چەندین موشەکی کروز و بەکارهێنانی کەرەستەی شەڕی ئەلیکترۆنی لەخۆگرتووە، وێرانکەری "کانگ کۆن" هەمان ئەو کەشتییە جەنگییەیە کە ساڵی رابردوو لە کاتی رێوڕەسمی خستنەگەڕیدا بەشێکی وەرگەڕا، بەڵام دواتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەوە نۆژەنکرایەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم تاقیکردنەوەیە دوای کەمتر لە دوو هەفتە دێت لە چوونەخزمەتی وێرانکەرێکی تری هاوشێوە بە ناوی "چوی هیۆن" کە ئەویش کێشەکەی پێنج هەزار تۆنە.

سەرۆکی کۆریای باکور پێشتر بەڵێنی دابوو هێزی دەریایی وڵاتەکەی بە چەکی ئەتۆمی پڕچەک بکات و کەشتیی جەنگیی نوێ دروست بکات کە کێشەکەیان بگاتە 10 هەزار تۆن.

ئاژانسەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای تاقیکردنەوەکانی رۆژی هەینی، کیم جۆنگ ئون فەرمانیکرد وێرانکەری "کانگ کۆن" لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا بە رەسمی بچێتە خزمەتی هێزی دەریاییەوە.

سەرۆکی کۆریای باکور جارێکی تر جەختی لە پێویستی خێراکردنی توانای سەربازیی وڵاتەکەی کردەوە بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی کە بە "هێزی رەها" ناوی برد.