سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت؛ وڵاتەکەی ورەی شەڕکردنی ئێرانی تێکشکاندووە و لەبەرانبەریشدا بۆ بەڕێوەبەردنی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای پێشووی ئێران، هەفتەیەک مۆڵەت و ئارامیی پێداون.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکدا بەبۆنەی یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکا لە چیای "راشمۆر" رایگەیاند: ململانێکانیان لەگەڵ ڤەنزوێلا تەنها لە یەک رۆژدا یەکلاکردەوە، هاوكات گورزی زۆر کوشندە و بەهێزیان لە ئێران وەشاند.

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا لایەنی ئێرانی بە پەرۆشەوەیە و بە هەموو شێوازێک هەوڵدەدات بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەمریکادا بگاتە رێککەوتن و چارەسەرێکی سیاسی.

سەرۆکی ئەمریکا وتیشی: "ئێمە لە ڕووی بەخشندەیی و میهرەبانیی خۆمانەوە، مۆڵەتی هەفتەیەکمان بە ئێران داوە بۆ راگرتنی ئۆپراسیۆنەکان، تا بتوانن رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی رابەرەکەیان ئەنجام بدەن."

ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدا دێن کە لە بەیانی دوێنێ هەینییەوە، رێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی عەلی خامنەیی، رابەری کۆچکردووی ئێران بە ئامادەبوونی وەفدە بیانییەکان و کەسایەتییە سیاسی و گشتییەکان دەستیپێکردووە. بڕیاریشە رێورەسمەکە بۆ ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام بێت و تەرمەکەی بە شارەکانی تاران و قوم و وڵاتی عیراقدا تێپەڕێت، تا دواجار لە زێدی خۆی لە شاری "مەشەدە" بە خاک بسپێردرێت.