شاسوار عەبدولواحید: هاوپەیمانێتییەکەمان لەگەڵ یەکێتی بۆ گۆڕینی شێوازی حوکمڕانییە و دژی هیچ لایەنێک نییە
سەوسەن سەید
٢ی تەمووزی ٢٠٢٦
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە لێدوانیکی نوێدا رایگەیاند کە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا پێویستییەکی راستەقینەی بە "ویستی جددی بۆ گۆڕانکاری" هەیە.
شاسوار عەبدولواحید ئاماژەی بەوەش کرد کە رێککەوتن و هاوپەیمانێتییەکەیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ناوی "هاوپەیمانی هاوسەنگی و بوژانەوە" دژی هیچ لایەنێکی سیاسی نییە، بەڵکو دەرگای ئەم هاوپەیمانێتییە بۆ هەموو ئەو هێزانە کراوەیە کە لە خەمی خەڵکدان.
شاسوار عەبدولواحید جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکیی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکێتی، گۆڕینی شێوازی حوکمڕانییە لە هەرێم و دامەزراندنی دەوڵەتێکی دامەزراوەیی، وتیشی: ناکرێت لایەنێک هەموو پۆستەکانی هەرێم قۆرغ بکات، ململانێ لەسەر پۆست و پلە و پایە هەڕەشەیەکی راستەقینەیە بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان، دەبێت کوردستان لەڕێی دامەزراوەکانییەوە بەڕێوەببرێت نەک بە میزاجی شەخسی.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ناوبراو ئاماژەی بە هەنگاوە داهاتووەکانیان کرد و رایگەیاند کە لەگەڵ یەکێتی کار بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان و خزمەتکردنی زیاتری خەڵک دەکەن، داواشی لە تەواوی لایەنە سیاسییەکان کرد کە لە خەمی راستەقینەی هاووڵاتیاندا بن.
لە کۆتاییدا، شاسوار عەبدولواحید دووپاتی کردەوە کە ئامانجیان تەنها رزگارکردنی هەرێمە لەو چەقبەستووییە سیاسی و ئابوورییەی تێیکەوتووە.


