پڕۆژەیەکی گرنگی ستراتیژی لە کەرتی وزەدا جێبەجێ کرا؛ غازی کێڵگەی کۆرمۆر گەیەندرایە وێستگەی کارەبای سلێمانی و ئاستی بەرهەمهێنان بەرز دەکرێتەوە.

هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە، تیمە تەکنیکییەکانی هەردوو وەزارەت، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی (کار) و (دانەغاز)، توانیان پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەن.

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، تیمە تەکنیکییەکان لە ماوەی تەنها شەش سەعاتدا توانیویانە بۆریی نوێی گازی کێڵگەی کۆرمۆر بە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای غازیی سلێمانییەوە ببەستنەوە.

هەردوو وەزارەتەکە ئەوەشیان خستوەتەڕوو، لە کاتی بەستنەوەی بۆرییە نوێیەکە و راگرتنی کاتیی وێستگەی سلێمانی، وەزارەتی کارەبا پشتی بە وێستگەکانی تری هەرێم بەستووە، بەمەش نەیانهێشتووە ئەم پرۆسەیە کاتەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتیان تووشی کێشە و گۆڕانکاری بکات.

ئاشکراشیانکرد، جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە رێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی لەمەودوا ئاستی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە وێستگەی سلێمانی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.

هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبا، دەستخۆشیی و پێزانینی خۆیان ئاڕاستەی تەواوی تیمە تەکنیکییەکان و کۆمپانیا بەشداربووەکان کردووە کە لە ماوەیەکی پێوانەییدا ئەم پڕۆژە گرنگەیان گەیاندە قۆناغی کۆتایی.