سەرۆك وەزیرانی عیراق: كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە پێشینەی كاركردن دەبن لە عیراق
ئاکام
٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، لە داهاتوودا پەیوەندی نێوان بەغداد و واشنتۆن لە هاوبەشییەكی سەربازییەوە دەگۆڕێت بۆ هاوبەشییەكی ئابوری و كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە لەپێشینە دەبن بۆ كاركردن لە عیراق.
عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە چاوپێككەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، لە قۆناغی داهاتووی عیراقدا كۆمپانیا ئەمریكیەكان لەریزی پێشەوەی ئەو كۆمپانیایانەدا دەبن كە لە عیراق كاردەكەن.
وتیشی، پێشنیازێك ئامادەكراوە بۆ دامەزراندنی سندوقێكی هاوبەش بۆ وزە و گەشەپێدان لەگەڵ ئەمریكا كە تێچوەكەی بە هاوتای 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە داهاتەكەشی تەرخان دەكرێت بۆ پڕۆژەكانی كارەبا و ژێرخانی ئابوری، ئەمە جگە لە تەرخانكردنی هەمان بڕی نەوت بۆ بەشداریكردن لە دووبارە پڕكردنەوەی یەدەگی نەوتی ستراتیژیی ئەمریكا.
زەیدی رایگەیاند، هێزەكانی ئەمریكا لە دوای 30 ئەیلولەوە لە عیراق دەكشێنەوە، دوای ئەو وادەیەش هیچ پاساوێك بۆ گروپە چەكدارەكان یان گروپە مقاوەمە نامێنێت و دەبێت ئەو كاتە چەكداماڵینیان كۆتایی بێت.


