ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: پشكنەرەكانمان دەگەرێنەوە بۆ ئێران
کەژان
٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، پشكێنەرانی ئاژانسەكە لە ماوەی داهاتوودا سەردانی پێگەكانی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران دەكەن.
رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە لێدوانێكی رۆژنامەنوسیدا لە وێستگەی ئەتۆمیی "فوكوشیما دایچی" لە ژاپۆن رایگەیاند، پشكنەرانی ئاژانسەكە سەردانی پێگەكانی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران دەكەن، كە ئەمەش بڕگەیەكی سەرەكییە لە ڕێككەوتن و لێكتێگەیشتنەكانی تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران.
گرۆسی ئاماژەی بەوەشكرد، سەردانەكە ئەگەر سبەینێ بێت یاخود لە ماوەی 10 رۆژدا، هەر دەبێت رووبدات.
ئەم لێدوانە دوای ئەوەدێت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئێران رەزامەندی نیشانداوە بە گەرانەوەی پشكنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بۆ وڵاتەكەیان.



