ئەنجوومەنی وەزیران: كەمترین موچەی خانەنشینیی كرێكارانی تایبەت نابێت لە 500 هەزار دینار كەمتربێت
کەژان
٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا، كەمترین موچەی خانەنشینیی كرێكارانی كەرتی تایبەت، نابێت لە 500 هەزار دینار كەمتربێت.
مەریوان بەگۆك عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لە دوای پێشكەشكردنی ئەو راپۆرتەی كە لەلایەن وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی بە ئەنجومەنی وەزیران كرا بۆ زیادكردنی موچەی خانەنشینیی كرێكارانی كەرتی تایبەت بە كۆی دەنگ لە لایەن ئەنجومەنەكە پەسەندكرا، وتیشی بە پێی بریارەكە دەبێت موچەی خانەنشینی كرێكاری كەرتی تایبەت لە 500 هەزار كەمتر نەبێت.
بەپێی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی كە لە هەرێم كاری پێدەكرێت، تەمەنی خانەنشینیی پیاوان لە 20 ساڵی خزمەت و 60 ساڵ تەمەندا، بۆ ئافرەتانیش لە 20 ساڵی خزمەت و 55 ساڵ تەمەندا دیاریكراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی وتیشی، زیاتر لە هەزار كەس موچەی خانەنشینیی كرێكاریی وەردەگرن و ژمارەی ئەو كرێكارانەیش كە دەستبەری كۆمەڵایەتییان بۆ كراوە گەیشتووەتە زیاتر لە 303 هەزار كەس.



