بەهۆی پێکدادانی دوو شەمەندەفەری نەفەرهەڵگر لە ناوچەیەکی باکوری شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، شۆفێری یەکێک لە شەمەندەفەرەکان گیانی لەدەستدا و دەیان سەرنشینی دیکەش بریندار بوون.

کۆمپانیای "ئیست میدلاندز rێڵوەی" کە سەرپەرشتیاری هەردوو شەمەندەفەرەکە دەکات، لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، روداوەکە پاشنیوەڕۆی دوێنێ هەینی لە دووری 100 کیلۆمەتر لە باکوری لەندەن رویداوە و بەهۆیەوە شۆفێری یەکێک لە شەمەندەفەرەکان دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

هاوکات دەستەی فریاکەوتنی رۆژهەڵاتی ئینگلتەرا ئاشکرایکردووە، لە روداوەکەدا 11 کەس برینی زۆر سەختیان هەیە و 22 کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون، لە کاتێکدا 56 سەرنشین برینی سوکیان پێگەیشتووە.

لای خۆشییەوە، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە راگەیەنراوێکدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شۆفێرە کۆچکردووەکە کرد و هاوسۆزی خۆی بۆ بریندارانی روداوەکە دەربڕی.

هەروەها وەزیری گواستنەوەی بەریتانیا رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەسەر هۆکاری پێکدادانی ئەو دوو شەمەندەفەرە دەستیپێکردووە.