زانکۆی سلێمانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی لەسەر عەبدوللەتیف ئەحمەد پێکهێنا
٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لەسەر عەبدوللەتیف ئەحمەد بڵاوبوونەتەوە، لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە و سەرجەم کارەکانیش بە چاودێریی داواکاری گشتی ئەنجام دەدرێن.
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی تیایدا هاتووە، زانکۆکە وەک دامەزراوەیەکی فەرمی و ئەکادیمی، جەخت لەسەر پاراستنی پرەنسیپەکانی یاسا و شەفافییەت دەکاتەوە لە بەدواداچوون بۆ هەر دەنگۆ یان کەیسێک کە پەیوەندی بە مامۆستایان یان فەرمانبەرانیانەوە هەبێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لە چەند رۆژی رابردوودا لەسەر عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا، مامۆستای کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان بڵاوبوونەتەوە، زانکۆکە بەپێی رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، 18ی حوزەیرانی 2026) لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی بۆ ئەو مەبەستە پێکهێناوە.
سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی رونیشیکردووەتەوە، ئەم لیژنەیە بە چاودێریی داواکاری گشتی کارەکانی خۆی ئەنجام دەدات و زانکۆکە بە وردی بەدوای دەرخستنی راستییەکاندا دەچێت، پڕۆسەی لێکۆڵینەوەکەش تا گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی بەردەوام دەبێت و هەر جۆرە کەمتەرخەمییەکیش هەبێت، بەپێی یاسا لێپێچینەوەی بەرامبەر دەکرێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی دڵنیایی داوەتە هاووڵاتیان کە دەرەنجامی کارەکانی ئەم لیژنەیە هەرچییەک بێت، بە شێوازێکی شەفاف بۆ رای گشتی بڵاودەکرێتەوە.



