کۆریای باکور: پێگەی وڵاتەکەمان وەک هێزێکی ئەتۆمی پاشەکشەی نییە
محەمەد رزگار
١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
کۆریای باکور داواکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ داماڵینی چەکە ئەتۆمییەکانی رەتکردەوە و ئاشکرایدەکات، پێگەی وڵاتەکەی وەک هێزێکی ئەتۆمی یەکلاکراوەتەوە و پاشەکشەی لێناکرێت.
لێپرسراوێکی کۆریای باکوور کە ناوی ئاشکرانەکراوە، بە ئاژانسی هەواڵی رەسمی وڵاتەکەی رایگەیاند: "قسە و لێدوانە پووچەکانی ئەمریکا و هێزە پاشکۆکانی، هەرگیز کاریگەرییان لەسەر پێگەی نەگۆڕی کۆریای باکور وەک دەوڵەتێکی ئەتۆمی نابێت و پرسی داماڵینی چەکی ئەتۆمی بابەتێکە کۆتایی هاتووە."
ئەو لێپرسراوەی کۆریای باکور ئاماژەی بە فرۆشتنی سیستمە چەکدارییەکانی واشنتۆن بە سیئۆل و تۆکیۆ کرد و وەک پاساوێک بۆ دەستگرتنی وڵاتەکەی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە ناوبرد، کە بە وتەی ئەو "دەستەبەرێکی بەهێزی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیە."
ئەم هەڵوێستەی پیۆنگیانگ دوای کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی نێوان کۆریای باشور، ژاپۆن و ئەمریکا هات کە لە تۆکیۆ بەڕێوەچوو، تێیدا هاوپەیمانان جەختیان لە پابەندبوونی خۆیان بە "داماڵینی تەواوی چەکی ئەتۆمی لە نیمچەدورگەی کۆریا" کردبووەوە.



