قوباد تاڵەبانی: دەرفەتێکی باش هاتووەتە ئاراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد
محەمەد رزگار
١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر و لەبارەی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا ئاڵوگۆڕی بێروڕایان کرد.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، باس لە دواین پێشهاتەکانی ناوچەکە کرا، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران هیوای خواست دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە دەرەنجامێکی دڵخواز بۆ هەموو لایەک بگات و ئاشتی و سەقامگیری هەمیشەیی لێ بکەوێتەوە.
سەبارەت بە رەوشی عیراق و پێکهاتنی حکومەتی نوێ، قوباد تاڵەبانی گەشبینی خۆی دەربڕی بەوەی دەرفەتێکی باش هاتووەتە ئاراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و جەختیکردەوە لەوەی پێویستە لەم قۆناغەدا هەرێم و بەغداد پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بن و کاربکەن بۆ گەشەپێدانی ئابوری و باشترکردنی رەوشی خزمەتگوزاری و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان.
لە تەوەرێکی تردا، باس لە رەوشی سیاسی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرا، لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆک وەزیران جەختیکردەوە، لەسەر زیاترکردنی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو چەقبەستووییەی ئێستا هەیە و بە پێویستی زانی دانووستانەکانی نێوان لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێک لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە دەست پێ بکاتەوە.



