حەج و عومرەی كوردستان:لە ماوەی دوو رۆژدا سەرجەم حاجیانی كوردستان دەگەڕێنەوە
سەعید
٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
بڕیاردرا لە ماوەی دوو رۆژدا سەرجەم حاجیانی هەرێمی كوردستان لە وڵاتی سعودیەوە بگەڕێندرێنەوە و ئەمڕۆش دوو گەشتی گەڕانەوەی حاجیان لە مەدینەوە بۆ سلێمانی رێكدەخرێت.
كاروان ستونی، وتەبێژی حەج و عومرەی كوردستان رایگەیاند، دوای بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عیراق بۆ كردنەوەی ئاسمانی وڵات بە ڕووی گەشتەكاندا، بڕیاردراوە گەشتە ئاسمانییەكان ئاسایی ببنەوە و سەرجەم حاجیانی كوردستان لە ماوەی دوو رۆژدا بەڕێگەی ئاسمانی بگەڕێنەوە هەرێم.
لەو چوارچێوەیەدا، بەشی پەیوەندییە گشتییەكان و راگەیاندنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی ئاشكرایكرد، گەشتەكانی گەڕانەوە بەپێی خشتەی هێڵی ئاسمانی عیراقی بەردەوام دەبن و ئەمڕۆ سێشەممە دوو گەشتی راستەوخۆ لە مەدینەوە بۆ سلێمانی بۆ گواستنەوەی حاجیان ئەنجام دەدرێن.


