ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا رایگەیاند، لە سایەی پەرەسەندنی گرژییەکانی جیهان و سەرهەڵدانی هەڕەشە و مەترسییە نوێیەکاندا، پێویستە "سێیانەی ئەتۆمی"ی روسیا وەک هەمیشە بە گرەنتییەکی باوەڕپێکراو بۆ پاراستنی سەروەریی دەوڵەتی یەکگرتویی روسیا و بیلاڕووس بمێنێتەوە، بە جۆرێک کە هاوسەنگیی هێز لەسەر ئاستی جیهان بپارێزێت.

سەرۆکی روسیا ئاماژەی بەوەکردوە، بونی سێلایەنی چەکی ئەتۆمی روسیا پێکهاتەیەکی ستراتیژی رێگریکردنە، کە پێکهاتووە لە سێ سیستەمی سەرەکی گەیاندنی چەکی ئەتۆمی لەوانە؛  موشەکی بالیستیکی نێوان کیشوەرەکان کە لە زەویەوە هەڵدەدرێت، موشەکی بالیستی ستراتیژی لە رێگەی ژێردەریاییەوە هەڵدەدرێت و بۆمب هاوێژە ستراتیژییەکان  کە چەکی ئەتۆ،ین و لە رێگەی ئاسمانەوە هەڵدەدرێن.

پوتن ئاماژەی بەوەکردوە، ئەم هەمەچەشنییە توانای تۆڵەسەندنەوە و وەڵامدانەوەی وڵاتەکەی مسۆگەر دەکات.

 ئەم لێدوانەی پوتن لە کاتێکدایە کە لەگەڵ ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بیلاڕوس، لە رێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە چاودێریی یەکەمین مانۆڕی سەربازیی ئەتۆمیی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتیان کرد، کە لە 18ی ئەم مانگەوە لەسەر خاکی بیلاڕوس دەستیپێکردووە.

 لای خۆشییەوە، لوکاشینکۆ جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم مانۆڕانە هەڕەشە لە کەس ناکەن و هەردوو وڵات ئامادەن بە هەموو شێوازێک بەرگریی لە نیشتمانی هاوبەشیان بکەن کە لە شاری "برێست"ی بیلاڕووسیاوە بۆ رۆژهەڵاتی روسیا درێژ دەبێتەوە.

هاوکات وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا دیمەنی مانۆڕی هێزە ئەتۆمییە تاکتیکییەکانی بڵاوکردەوە، کە تێیدا تیمی فڕۆکە جەنگییەکانی "میگ-31" مەشقیان لەسەر پێكانی ئامانجەکان بە موشەکی بالیستیی "کینجاڵ"ی هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمی کردووە، جیا لە ئامادەکارییەکانی تایبەت بە سیستمی موشەکیی "ئیسکەندەر-ئێم".

ئۆپراسیۆنەکەی روسیا و بیلاروس بە زیاتر لە 67 هەزار سەرباز و حەوت هەزار  و800 ئامێری سەربازی لەگەڵ 73 کەشتی 13 ژێردەریایی بەرێوە دەچێت.