ئیسماعیل سەقابی ئەسفەهانی، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران و سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردنی ستراتیژیی وزە، هۆشدارییەکی توندی دا، لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بیرە نەوتەکانی ئێران، وڵاتەکەی کێڵگە نەوتییەکانی سعودیە دەکاتە ئامانج.

ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، کە پلانێکی دیاریکراویان بۆ ئامانجەکان هەیە و ستراتیژییەکیان بە ناوی "پەیژەی بەرپەرچدانەوە" داڕشتووە؛ کە تێیدا پەیڕەوی بنەمای (چاو بەرانبەر بە چاو) و لە قۆناغە باڵاکانیدا (چاو بەرانبەر بە سەر)دەکەن، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی هەر لێدانێکی کەرتی نەوتی ئێران بە وێرانکردنی کەرتی نەوتی وڵاتانی دراوسێ وەڵام دەدرێتەوە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە،پێشتریش فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران هۆشداری دابووە وڵاتانی کەنداو،  ئەگەر رێگە بە ئەمریکا بدەن خاک و ئاسانکارییەکانیان دژی ئێران بەکاربهێنێت، ئەوا دەبێت ماڵئاویی لە بەرهەمهێنانی نەوت لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن.

ئەمە لە کاتێكدایە، پێشتریش ئێران دەستی نەپاراستوە و لە ماوەی نزیکەی 40 رۆژی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل  بەرانبەر بە ئێران، چەندین جار دامەزراوەکانی نەوت و وزە لە وڵاتانی کەنداو لەلایەن هێزەکانی ئێران و گروپە هاوپەیمانەکانیانەوە بە موشەک و درۆن کراونەتە ئامانج.