قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری تەندروستیی یۆنان کۆبووەوە
سام
٢٣ی نیسانی ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە میانەی دووەم رۆژی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووریی دێڵفیدا لەگەڵ ئادۆنیس جۆرجیادیس، وەزیری تەندروستیی یۆنان کۆبووەوە و پێکەوە تاوتوێی چۆنییەتی دروستکردنی هەماهەنگی لەنێوان هەردوو کەرتی تەندروستیی هەرێم و وڵاتی یۆنانیان کرد.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنجشەممە (23/4/2026) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی باسی پێشکەوتنەکانی کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانی کرد لەم ساڵانەی دواییدا و داوایکرد بۆ پێشکەوتنی زیاتر حکومەتی یۆنان هاوکاربێت تا کەرتی تەندروستیی هەرێم سوود لە ئەزموونی دەوڵەمەندی تەندروستیی ئەو وڵاتە وەربگرێت.
هەر لەم چوارچێوەیەدا باسی چۆنییەتی دروستکردنی هەماهەنگی لەنێوان کەرتی تەندروستیی هەردوولادا کرا. جێگری سەرۆک وەزیران بۆ ئەم مەبەستە بانگهێشتی وەزیری تەندروستیی یۆنانی کرد سەردانی کوردستان بکات، ئادۆنیس جۆرجیادیس لەمبارەیەوە رایگەیاند، لە نزیکترین ماوەدا لەگەڵ وەفدێک سەردانی هەرێم دەکات.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری ئەوەش درا ئامانجی سەردانەکەی وەزیری تەندروستیی یۆنان بۆ دروستکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی دەبێت لەگەڵ کەرتی تەندروستیی کوردستان، بە تایبەتیش لە بوارەکانی پێشخستنی پیشەسازیی دەرمان و بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوەکرا پێویستە هەرێمی کوردستان گرنگی بە گەشتیاریی تەندروستی بدات، بەوپێیەی لە هەرێم ئەو زەمینەیە هەیە کە بەپێی پلانێکی تۆکمە ساڵانە رێژەیەکی بەرچاو گەشتیاری تەندروستی لە ناوچەکانی دیکەی عیراق و وڵاتانی دەوروبەرەوە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و لەمبارەیەشەوە وڵاتی یۆنان هاوکاری هەرێمی کوردستان دەکات.


