بەبۆنەی ساڵیادی ئەنفالەوە، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛  ئەمساڵ  سی و هەشت ساڵ بەسەر ئەو تاوانە کۆمەڵکوژیەدا تێدەپەرێت کە بە هەشت قۆناغی پڕ ناسۆر دژی گەلەکەمان بەرپا کرا.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لەو کۆمەڵکوژیەدا هەزاران هەزار ژن و پیاو و منداڵی کورد کرانە قوربانی سیاسەتی رژێمی دڕندەی بەعس، لەو ساڵیادەدا یەکێتیی دوپاتی دەکاتەوە خاوەندارێتی هەمیشەیی لە ماف و شایستەکانی قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوەی و خزمەتکردنی کەسوکاری ئەنفالکراوان و خەڵکە خۆراگرەکەمان دەکاتەوە و بێ درێغ هەوڵیان  بۆ دەدات .

 

دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی 

ئەنفال  زامێکی قووڵە  لە جەستەی نەتەوە و نیشتمان و خەمێکی  هەمیشەیی  کوردستانی و ئینسانییە.

ئەمساڵ کە سی و هەشت ساڵ بەسەر ئەو تاوانە کۆمەڵکوژیەدا تێدەپەرێت کە بە هەشت قۆناغی پڕ ناسۆر دژی گەلەکەمان بەرپا کرا و هەزاران هەزار ژن و پیاو و منداڵی کورد کرانە قوربانی سیاسەتی رژێمی دڕندەی بەعس، تەئکید لەسەر  بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان دەکەینەوە کە ئەنفالی بە تاوانی جەنگ و دژە مرۆیی ناساندووە و خەباتی بێوچانیشمان  بۆ بە نێودەوڵەتیکردنی کەیسەکە  وەک جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی چڕ تر دەکەینەوە.                                                                                 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم و فیدراڵەوە خاوەندارێتی هەمیشەیی لە ماف و شایستەکانی قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوەی و خزمەتکردنی کەسوکاری ئەنفالکراوان و خەڵکە خۆراگرەکەمان دەکاتەوە و بێ درێغ هەوڵیان  بۆ دەدات .

 

لەیادی ئەو کارەساتەدا

سەری رێز بۆ گیانی پاکی شەهیدانمان  دادەنەوێنین.

درود بۆ خۆڕاگریی كەسوكاری  بێسەرو شوێنبوانی ئەنفال.

 

مەکتەبی سیاسیی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان