وەزارەتی نەوتی عیراق ئاماری  بڕی هەناردەی نەوتی خاو و داهاتی مانگی رابردوو راگەیاند.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی ئاماری رەسمی کۆمپانیای سۆمۆ، کۆی هەناردەی نەوت لە ئازاردا 18 ملیۆن و 604 هەزار بەرمیل بووە و داهاتەکەی ملیارێک و 957 ملیۆن دۆلارە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوور پشکی شێریان بەرکەوتووە و زیاتر لە 14 ملیۆن و 561 هەزار بەرمیلیان لێ هەناردە کراوە.

وەزارەتی نەوت ئاشکراشیکرد، نەوتی کەرکوک لە رێگەی بەندەری جیهانی تورکییەوە، بڕی دوو ملیۆن و 772 هەزار بەرمیل هەناردە کراوە، هاوکات بڕی نەوتی هەنادەکراوی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ملیۆنێک و 271 هەزار بەرمیل.

وەزارەتی نەوت راشیگەیاند کە بڵاوکردنەوەی ئەم ئامارانە لە چوارچێوەی شەفافیەت و ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتییانە لە پرۆسەی هەناردە و داهاتی سامانی نیشتمانی.