سەرۆك كۆماری عیراق پێشوازی لە سەرۆك بافڵ و قوباد تاڵەبانی دەكات
١٢ی نیسانی ٢٠٢٦
نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری عیراق، لە كۆشكی بەغداد پێشوازی لە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم كرد.
لەدیدارێكدا كە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و د. خالید شوانی وەزیری داد و د.هەڵۆ عەسكەری وەزیری ژینگە ئامادەیبوون، ئامادەبووان پیرۆزبایی ئاڕاستەی نزار ئامێدی كرد بەبۆنەی دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك كۆماری عیراق و هیوای سەركەوتنیان بۆ خواست لە جێبەجێكردنی ئەركە نیشتمانییەكانی و خزمەتكردنی گەلی عیراق و پتەوكردنی سەقامگیری لە وڵاتدا.
هەروەها باس لەبارودۆخی گشتیی سیاسی و ئەمنی عیراق و پێشهاتەكانی ناوچەكە كراو جەخت لەسەر گرنگی بەهێزكردنی هاوكاری و هەماهەنگی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان كرایەوە بۆ ئەوەی بەشداربن لە چەسپاندنی سەقامگیری و گەیشتن بە بەرژەوەندی هاوبەش.
هاوكات جەختیان لەسەر پێویستی یەكخستنی هەوڵەكان بۆ روبەڕوبوونەوەی ئاستەنگەكانی ئێستاو كاركردن بۆ پاڵپشتی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن لەنێوان هێزە سیاسییە جیاوازەكان بۆ بەدیهێنانی خواستەكانی گەلی عیراق بۆ ئاسایش و گەشەپێدان و سەقامگیری كردەوە.


