قاسم ئەعرەجی: عیراق رێگریكرد لە بەكارهێنانی خاكەكەی بۆ هێرشكردنەسەر وڵاتان
ساکۆ
١١ی نیسانی ٢٠٢٦
راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق دەڵێت: رێگریمان کردووە لە بەكارهێنانی خاكی عیراق بۆ هێرشكردنەسەر وڵاتانی دراوسێ و رۆڵێكی كاریگەریشمان هەبووە لە بانگەشەكردن بۆ پەنابردنە بەر دانوستان
قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق رایگەیاند، بڕیارێكی نیشتمانی دراوە كە خاكی عیراق بەكارنەهێنرێت بۆ هێرشكردنەسەر وڵاتان و بڕیارەكەشیان جێبەجێكردووە.
وتیشی، عیراق توانیویەتی لە رێگەی بڕیاری بەرپرسانە و ئەرێنییەوە خۆی بپارێزێت و رێگری بكات لە فراوانبوونی بازنەی ململانێكان، چونكە هەڵوێستێكی نیشتمانی هەڵبژاردووە و رێگریكردووە خاكەكەی بۆ هێرشكردنەسەر وڵاتان بەكاربهێنرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، عیراق رۆڵێكی كاریگەری هەبووە لە بانگەشەكردن بۆ پەنابردن بۆ دانوستان و دوورخستنەوەی ناوچەكە لە جەنگ و ئاڵۆزی.


