ترەمپ: یان رێککەوتن یان وێرانکردنی ژێرخانی ئێران
محەمەد رزگار
٣٠ی ئازاری ٢٠٢٦
بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی وێرانکردنی تەواوەتی ژێرخانی وزە و ئابوری لە تاران دەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداری دەداتە دەسەڵاتدارانی نوێی ئێران و مەرجی قورس بۆ کۆتاییهێنان بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دەخاتە ڕوو.
ترەمپ ئاشکرا کرد، وڵاتەکەی لە گفتوگۆی "جدی و ژیرانە"دایە لەگەڵ رژێمێکی نوێ لە ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشکەوتنی گەورە بەدەستهاتووە.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، دەبێت گەرووی هورمز بە خێرایی بۆ بازرگانی بکرێتەوە، ئەگەر نا رووبەڕووی کاردانەوەی توند دەبنەوە.
ترەمپ هۆشداری دا ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، ئەوا ئەمریکا بە وێرانکردن و "سڕینەوەی تەواوەتی" سەرجەم وێستگەکانی کارەبا، بیرە نەوتەکان و دوورگەی خارگ کۆتایی بە مانەوەی خۆی لە ئێران دەهێنێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەم هەنگاوە وەک تۆڵەیەک دەبێت بۆ خوێنی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی کە لە ماوەی 47 ساڵ "حوکمی تیرۆر"ی رژێمی پێشوو لەناوبراون.
ترەمپ لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە تا ئێستا بە مەبەست دەستیان بۆ ئەو شوێنە ستراتیژییانە نەبردووە، بەڵام ئەگەر رێککەوتن ئەنجام نەدرێت، ئەوا وێستگەکانی ئاویش (Desalinization plants) دەبنە ئامانج.



