میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی هێرشێکی ئێران بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی "شازادە سوڵتان" لە پارێزگای خەرج لە باشوری رۆژهەڵاتی ریازی وڵاتی سعوودیە، لانی کەم 12 سەربازی ئەمریکی بریندار بوون، کە باری تەندروستی دووانیان ناجێگیرە.

 بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەکانی "نیویۆرک تایمز" و "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" کە لە زاری بەرپرسانی  ئەمریکاوە بڵاویان کردوەتەوە، هێرشەکە لەرێگەی  موشەک  و چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە و لەو کاتەدا بووە کە سەربازەکان لە ناو باڵەخانەیەکی بنکەکەدا بوون.

هەردوو رۆژنامەکە ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە هێرشەکەدا چەندین فڕۆکەی سوتەمەنی ئاسمانی زیانیان بەرکەوتووە.

 ئەمە لە کاتێكدایە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، بە گویرەی ئامارەکانی کە بڵاوکراونەتەوە تا ئێستا 13 سەربازی ئەمریکی کوژراون کە حەوتیان لە وڵاتانی کەنداو و شەشیان لە عیراق بوون و زیاتر لە 300 سەربازی تریش برینداربوون.