د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، بە بۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە؛ گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی عیراق و تەواوی موسڵمانانی جیهان دەکات.

لە پەیامەکەیدا سەرۆک کۆمار هیوای خواستوە ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و بەرەکەت بۆ عیراق و وڵاتانی ئیسلامی و داواشی لە خوای گەورە کردوە،  کە ئاشتی و تەبایی بەسەر ناوچەکەدا بکێشێت.

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوە کرد، کە جەژنی ئەمساڵ لە کاتێکدایە ناوچەکە بە رەوشێکی نائاسایی و گرژییەکی زۆردا تێدەپەڕێت، کە کاریگەری نەرێنییان لەسەر ئاسایش و سەقامگیری گەلان دروست کردووە.

د. لەتیف رەشید، راشیگەیاندوە، کە ئەم رەوشە وا دەخوازێت هەمووان کار بۆ پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانی و بەهێزکردنی گیانی هاوکاری و کارکردنی بەکۆمەڵ بکەن، تاوەکو بتوانرێت بەسەر ئاڵنگارییەکاندا زاڵ بن و سەلامەتی هاووڵاتیان بپارێزرێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، د. لەتیف رەشید هیواشی خواستوە،  کە ململانێ و گرژییەکان کۆتایییان بێت و ئاشتی باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکێشێت، تاوەکو هەموو گەلان بتوانن لە کەشێکی پڕ لە ئاسایش و گەشەسەندندا بژین.