قاڵیباف: ئەمریکا دەبێت ناوچەکە بەجێبهێڵێت
محەمەد رزگار
١٧ی ئازاری ٢٠٢٦
لەکاتێکدا گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و هەریەکە لە ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوامییان هەیە، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، پەیامێکی ئاڕاستەی واشنتۆن و وڵاتانی ناوچەکە کرد و دەڵێت، دەبێت ئاسایشی ناوچەکە بە شێوەیەکی ناوخۆیی و سەقامگیر بێت، نەک لە دەرەوە بسەپێندرێت.
محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تاران بە رەسمی وڵاتانی ناوچەکەی ئاگادار کردووەتەوە کە بوونی هێزەکانی ئەمریکا هیچ کاتێک ئاسایش و سەقامگیری ناهێنێتە کایەوە، بۆیە پێویستە ئەمریکییەکان بە زووترین کات ناوچەکە بەجێبهێڵن.
سەبارەت بە توانای سەربازیی وڵاتەکەشی، سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشکرد، سەکۆکانی هەڵدانی موشەکی ئێران بە تەواوی نوێ کراونەتەوە و بە شێوەیەک پارێزراون کە نەیارەکانیان ناتوانن بیانکەنە ئامانج.
وتیشی: "دوای شەڕی 12 رۆژەکەی مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو، گۆڕانکاریی ریشەییمان لە سیستمی سەکۆکانی هەڵدانی موشەکدا کردووە، ئەوەش وای کردووە دوژمن لە بەرانبەر بڕیارە سەربازییەکانی ئێمەدا دەستەوستان بێت."
لە کۆتاییی لێدوانەکانیدا، قالیباف جەختی لەوەکردەوە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانای هەیە رووبەڕووی پێشکەوتووترین جۆری فڕۆکە و درۆنەکان ببێتەوە و رێگرییان لێ بکات.



